|
هه‌ڵه‌بجه
هۆنراوه‌ی دکتۆر خۆشناو
(1)
مێژوو که باسی
سه‌ده‌ی بیسته‌می لێ ده‌پرسرێ
سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ
ئاره‌قه‌ی دڵۆپ دڵۆپ دێته خوارێ
له دڵه‌وه‌ش تێر ده‌گریێ
تا بۆی بکرێ
خۆی ده‌دزێته‌وه
نایه‌وێ به هیچ جۆرێ
هیرۆشیما و هه‌ڵه‌بجه‌ی
به بیر بێته‌وه
(2)
هه‌ڵه‌بجه
کیمیابارانی
په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شه
له نێوچاوانی
ئه‌مه‌ریکا و
سه‌ددام و
سه‌رکرده عه‌ره‌به یاریده‌ده‌ره‌کانی
(3)
ژاپۆنییه‌کان
له پاش لێدانی ئه‌تۆمی
هه‌رچی زانست و ته‌کنه‌لۆجیا هه‌یه
فێر بوون
کوردیش
له پاش کیمیا باران
بۆ ماچکردنی ده‌ستی دوژمن
فێری باشترین پێشبرکێ بوون
(4)
تا کورد یه‌ک نه‌بێ
تا ئامانجی هه‌مووان
به‌س کوردستان نه‌بێ
هه‌موو شارێکمان
له هه‌ڵه‌بجه زیاتر
هه‌ڵه‌بجه ده‌بێ
به‌شی کورد
هه‌ر ئه‌نفال و
هه‌ر ئه‌نفال و
هه‌ر ئه‌نفال ده‌بێ
(5)
ئه‌رێ مافی مرۆڤ و دیموکراسی درۆیه؟
یا خه‌ڵکی هه‌موو که‌ڕو نابینانه ؟
ئه‌ی بۆ هه‌مووان
له هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال بێ ئاگانه ؟
بۆ هێشتا کوردستان
پارچه پارچه‌یه و وێرانه ؟
(6)
که هه‌ڵه‌بجه کیمیا باران کرا
هه‌رچی چیا هه‌یه
هه‌رچی به‌رد هه‌یه
توانه‌وه له داخان
هه‌رچی باڵنده هه‌یه
هه‌رچی مێروو هه‌یه
هه‌رچی ئاژه‌ڵی دونیا هه‌یه
کۆبوونه‌وه و تێر تێر گریان
به‌هار بووه پاییز
گوڵ هه‌موو
سیس بوون و هه‌ڵوه‌ران
خه‌ڵکیش دابه‌شی سێ به‌ش بوون
یه‌که‌م هه‌ڵه‌بجه‌یان لا گرنگ نیه
یان هێشتا لێی بێ ئاگان
دووه‌م به کوردکوژی دڵیان خۆش بوو
سێیه‌م له جیاتی
خه‌لکی هه‌ڵه‌بجه
سه‌ددام شه‌هیده له لایان
دکتۆر خۆشناو
هه‌ولێر/ مانگی 12ی 2007
|